فەرماندەرانی لەشکریی ئێران: هەرچەشنە هەڕەشەیەک بەرەوڕووی وەڵامی بەبڕشتانەی هێزە چەکدارەکان دەبێتەوە
هاوکات لەگەڵ حەوتی سەرماوەز-رۆژی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران- فەرماندەرانی باڵای لەشکریی وڵات جەختیان کردەوە لە ئامادەیی هەمەلایەنەی هێزە چەکدارەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەرچەشنە هەڕەشەو دەسدرێژییەک دژی ئێران.
سەرلەشکر ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، لە پەیامێک بە بۆنەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەئاماژە بە گرینگیی ستراتژیکی کەنداوی فارس، گەرووی هورمز و دەریای عوممان، هێزی دەریایی ئەرتەش و سپای، بە دوو باسکی بەهێزی بەرگریی لە سەروەریی دەریایی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران زانی و پێی داگرت: ئەو هێزانە بەهاواهەنگی و یەکڕیزیی ستراتژیک، ئامادەن هێزمەندانە بەرپەرچی هەرچەشنە هەڕەشەو شەڕئەنگێزییەکی دژبە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی وڵات بدەنەوە. ئەدمیراڵ شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشیش بەپێداگریی لەسەر درێژەپێدان بە خۆڕاگریی و بەرخۆدانی گەلی ئێران، وتی: هێزە چەکدارەکان بەزوویی وەڵامی کوشندە بە دوژمنان دەدەنەوە. ئەدمیرال ئێرانی هەروەها بە ئاماژە بە هاوکاریی هێزی دەریایی ئەرتەش و سپا لە دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز، جەختی کرد؛ هێزە دەریاییەکانی ئێران ڕێگەنادەن دەسدرێژیی بکرێتەسەر ئاو و سەرزەوینیان. لەلایەکی دیکەوە، سەرتیپ کیومەرس حەیدەری، جێنشینی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە کاردانەوە بە هەڕەشەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنەسەر ئێران لە ساڵی تازەی زایینیدا، هۆشداریی دا؛ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئامادەباشیی تەواو دان و هەرچەشنە کردەیەکی دوژمنکارانە، وەڵامی گورچکبڕی دەبێت. سەرتیپ کیومەرس حەیدەری بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە بێتوو شەڕئەنگێزیی دوژمن دووبارە بێتەوە، ئێران هیچ سنووردارکردنێکی جوگرافی بۆ وەڵامدانەوە نابێت، وتی: هەر سەرچاوەیەک کە ببێتە سەکۆیەک بۆ هەرەشە دژی ئێران، لەهەر شوێنێکی جیهاندا، ئامانجێکی ڕەوا دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارەکان.