پیرە: هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەدەین
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای هەرێم و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان و چەند پرسێکی دیکە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیو لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە گشتیەکانی یەکێتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
بە پێی راپۆرتی پی یو کەی میدیا ، لەکۆنگرەکەدا سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: سبەینێ کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ئەنجام دەدرێت، دەمەوێت لێرەوە بڵێم لەو کۆنفرانسەدا سەرجەم کاندیدەکان دەرناچن، بەڵام ئەمە مانای دۆڕان نییە، بەڵکو ئەگەر کۆنگرە سەرنەگرێت دۆڕانە، هیوادارم پرۆسەکە هاوشێوەی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان سەرکەوتوو بێت و بەئارامی بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پیرە وتی: لەپێشتردا لەگەڵ بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا بەڵام خۆپیشاندانەکان و بارودۆخی ئێستای عیراق بابەتەکانی گۆڕی، بەداخەوە ئێمە پێمان وابوو خۆپیشاندانێکی هێمنانە مافی ڕەوای خۆیانە، بەڵام ئازاردان و ئەشکەنجەدان و شەهیدکردنی خۆپیشاندەران کارێکی خراپ بوو دیمەنێکی نادروستی عیراقی پیشاندا، سەرەڕای ئەوانەش، لەئێستادا دوو لیژنە پێکهاتووە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کە پەیوەندی بەگوزەرانی خەڵکەوە هەیە.
سەبارەت بە ئاوارەکانی کوردی سوریاش گوتی : هەرێمی کوردستان لەگرتنەخۆی ئاوارەکان رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە بەجۆرێک، لە ئێستادا رێژەی ئاوارە بەهۆی هێرشەکانەوە لەهەرێمی کوردستان، نیوەی دانیشتوانەکەیەتی.
هەر لەکۆنگرەکەدا پیرە سەبارەت بەپرۆژەی چاکسازی رایگەیاند: پرۆژەی چاکسازی لەهەرێمی کوردستان، پرۆژەکە نێردراوە و لە گفتوگۆدایە لەنێوان حکومەت و پەرلەمان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پشتگیری تەواوی پرۆژەکە دەکات.