نێچیرڤان بارزانى: ئێراق و ناوچه‌که به دۆخێکى ئاڵۆزکاودا تێده‌په‌ڕن
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانی ئیراق رایگه‌یاند، عێراق و ناوچه‌که به دۆخێکى ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕن، ڕووداو و پێشهاته‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستانیش هه‌یه.
نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێوه رایگه‌یاندووه، "ئێمه به یه‌کڕیزى و ته‌بایى و یه‌ک هه‌ڵوێستى، ده‌توانین ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌کان ببینه‌وه و پێکه‌وه بگه‌ینه که‌نارى ئارامى. له‌م پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێکهاته کوردستانییه‌کان له هه‌وڵه‌کانمان بۆ یه‌کڕیزى و ته‌بایى به‌رده‌وام ده‌بین. ئێمه به ئومێد و گه‌شبینییه‌وه له ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر ده‌ڕوانین".
لە درێژەی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە: ساڵى تازه له هه‌موو کوردستانییان پیرۆز بێت، هیواى ساڵێکى پڕ له کامه‌رانى و سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌مووان، بۆ جیهان و مرۆڤایه‌تى به‌گشتى ده‌خوازم. پیرۆزباییه‌کى تایبه‌ت له خانه‌واده و که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان ده‌که‌م، به ڕێز و شکۆوه یادى هه‌موو ئه‌و ئازیزانه ده‌که‌ینه‌وه که گیانى خۆیان به کوردستان و به ئازادى به‌خشى. هیواى سه‌قامگیرى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه و کۆتاییهاتنى قه‌یران و ئاڵۆزییه‌کان بۆ عێراق و ئاشتى و ئارامى بۆ هه‌موو گه‌لى کوردستان، ناوچه‌که و جیهان ده‌خوازم.