هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیا پەرە پێ دەدات
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i375958-هەرێمی_کوردستان_پەیوەندییەکانی_خۆی_لەگەڵ_ڕووسیا_پەرە_پێ_دەدات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ نێردەی تایبەتی پووتین خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندیەکانى هەرێم لە لەگەڵ ڕووسیای لەهەموو بوارەکان دووپات کردەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی دوھەم 30, 2020 14:57 Asia/Tehran
  • هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیا پەرە پێ دەدات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ نێردەی تایبەتی پووتین خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندیەکانى هەرێم لە لەگەڵ ڕووسیای لەهەموو بوارەکان دووپات کردەوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر;  نێچیرڤان بارزانى لەو دیدارەدا دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆم نه‌فتى ڕووسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.

میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵوێزى ڕووسیاى لە بەغدا و کونسولى گشتیى لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆم نه‌فتى ڕووسى پێکهاتبوون لەو دیدارەدا بوون.

هەردوولا دۆخى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

دۆخى سووریا و هەبوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سووریا و ڕۆڵى ڕووسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى مایەى بایەخى هەردوولا، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.