نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی عێراق لە ھەولێر کرایەوە
دوینی سێ شەممە بە ئامادەبوونی محەمەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی عێراق لە ھەولێر کرایەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، کردنەوەی ئەو نووسینگەیە لە ھەولێر تایبەتە بە ئاسانکاری بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی عێراق کە لە دەروەی وڵات دەگەڕێنەوە یان گرفت لە بەڵگەنامەکانیان ھەیە.
محەمەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتەیەکدا بەو بۆنەیەوە رایگەیاند "دەمانەوێت لە رێگەی ئەو نووسینگەیەوە ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتیان بکەین، ھەموو ئەو بەڵگەنامانەی لێرە دەردەچن، بەڵگەنامەی یاسایین و کاریان پێدەکرێت".
لە مەراسیمی کردنەوەی نووسینگەکە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش، وتی: "ھەبوونی ئەو نووسینگەیە بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم کار دەکات و ئاسانکاریی دەبێت بۆ ھەموو ھاووڵاتیان".