جەبار یاوەر: ئەمەریکا مانگانە مووچەی (36) هەزار پێشمەرگە دەدا
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ی هەریم ئاماژە بە بەردەوامیى دابینکردنى مووچەى بەشێک لە هێزەکانى پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە دەکات و دەڵێت:"حکومەتی ئەمەریکا مانگانە موچەی (36) هەزار پێشمەرگە دابین دەکات.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، ئەوەدەخاتەڕو کە ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان، لە روی ناردنی راوێژکار و مەشقپێکردنی پێشمەرگە و ناردنی چەک و تەقەمەنیەوە، هاوکاری زۆری پێشمەرگەیان کردوە، بەڵام "یارمەتیەکانی ئەمەریکا زیاتربون لە وڵاتانی دیکەى هاوپەیمان، لە روی چەکدارکردن و هاوکاری ئاسمانی و دابینکردنی خۆراک، بە تایبەت ماوەی چەند ساڵێکە بڕێک بودجەشی بۆ موچەی هێزەکانی پیادەی پێشمەرگە تەرخانکردوە و مانگانە نزیکەی بیست ملیۆن دۆلار بۆ موچەی نزیکەی 36 هەزار پێشمەرگە دابین دەکەن، ئەوەش بەهۆى رۆڵیان لە شەڕی داعشدا."لەبارەى هەوڵەکانى یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، یاوەر لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (دەنگى ئەمەریکا) وتویەتى؛ پڕۆژەیەکی (36) خاڵی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوکاری راوێژکارانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و هۆڵەندا هەیە، بڕیاری یەکخستنەوەی پێشمەرگە بوەتە بڕیاری فەرمی حکومەتی هەرێم و بەشێکە لە یاسای چاکسازی.
ئاماژەى بەوەشکردوە کە کۆبونەوەی بەردەوام لەنێوان وەزارەت و هێزەکانی (70 و 80) هەیە تا میکانیزمێکی گونجاو بۆ یەکخستنەوەیان بدۆزرێتەوە، لەڕووی کارگێڕی و دارایی و فەرماندەییەوە."