بۆچوونی مەحموود عوسمان لەسەر پۆستە وەزاریەکانی حکومەتی عەلاوی
مەحمود عوسمان ڕامیارکاریی ناسراوی کورد دەڵێت: پارتە کوردییەکان رازینابن کەسایەتیە سەربەخۆ کوردەکان لەدەرەوەی ناوەندی ڕامیاریی کوردیدا پۆستە وەزارییەکانی ناو حکومەتەکەی محەمەد عەلاوی وەربگرن.
ە پێی راپۆرێکی شارپرێس ،مەحموود عوسمان دەشڵێت: هەموو پارتە سیاسییە عێراقییەکان پاڵێوراوی خۆیان پێشکەشی عەلاوی دەکەن و هاوشێوەی حکومەتەکانی تر دوای رەزامەندی سەرۆک وەزیران پۆستەکان وەردەگرن.
باسی لەوەش کردووە، کە ئەوە راست نییە دەوترێت لەدەرەوەی پارتە سیاسییەکان کەسانی سەربەخۆ بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان رادەسپێردرێن، بەڵکو ئەوە پارتەکانن پاڵێوراو بۆ وەزارەتەکان پێشکەش دەکەن، بۆیە پرەنسیپی سەربەخۆیی لەئارادا نامێنێت.
ئەوەش دەڵێت: پارتە شیعییەکان گڵۆپی سەوزیان بۆ عەلاوی هەڵکردووە بۆ ئەوەی کەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستەکانیان دەستنیشان بکات بەو مەرجەی هەمان مامەڵە لەگەڵ کوتلە کوردی و سوننیەکانیشدا بکات، ئەگەر نا ئەوانیش چاو بە بڕیارەکەیاندا دەخشێننەوە .
بەقسەی مەحمود عوسمان لەناو هەموو پارتە سیاسییەکاندا کەسانی پاک و لێوەشاوە هەیە، بۆیە شتێکی لۆژیکی نییە بەتەواوەتی کەسایەتییە حیزبییەکان رەتبکرێنەوە.