سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/3/3 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پێکهاتبوو لە ئیداما دیانگ یاریدەدەر و راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن لە جینۆساید و کەریم ئەسعەد ئەحمەد خان سەرۆکی تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش .
لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگایەتیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرا بۆ رێگری کردن لە جێنۆسایدو کۆمەڵکوژییەکان و بەتایبەتی تاوانەکانی داعش. هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا بە سزای یاسایی بگەن و مافی قوربانییەکانی دەستی تاوانەکانی داعشیش بپارێزرێت .
شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە ئاینییە جیاوازەکان و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئاینی لە هەرێمی کوردستاندا.