بزووتنەوەی ئیسلامی: حزبەکانی دەسەڵات بەری رەنجی راپەڕینیان بۆخۆیان قۆرخ کردووە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i377790-بزووتنەوەی_ئیسلامی_حزبەکانی_دەسەڵات_بەری_رەنجی_راپەڕینیان_بۆخۆیان_قۆرخ_کردووە
وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، حزبەکانی دەسەڵات بەری رەنجی راپەڕینیان بۆخۆیان قۆرخکردوە، دەشڵێت،دەسەڵات بەهۆی زوڵم و نادادپەروەری وای لە زۆربەی خەڵکی کوردستان کردووە پەشیمانبن لەوەی کە راپەڕینیان ئەنجامداوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئادار 05, 2020 14:01 Asia/Tehran
  • بزووتنەوەی ئیسلامی: حزبەکانی دەسەڵات بەری رەنجی راپەڕینیان بۆخۆیان قۆرخ کردووە

وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، حزبەکانی دەسەڵات بەری رەنجی راپەڕینیان بۆخۆیان قۆرخکردوە، دەشڵێت،دەسەڵات بەهۆی زوڵم و نادادپەروەری وای لە زۆربەی خەڵکی کوردستان کردووە پەشیمانبن لەوەی کە راپەڕینیان ئەنجامداوە.

به پێی ڕاپۆرتی خەندان - ئەمڕۆ پێنج شەممە  د. عەبدوڵا وەرتی، وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی ئیسلامی  بەبۆنەی یادەکانی راپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: راپەڕین جگە لە یادەوەریەک هیچ شتێکی تری بۆ نەماوەتەوەو ساڵ لە دوای ساڵیش بایەخ و گرنگی ئەم بۆنە نەتەوەییە کاڵدەبێتەوەو حزبەکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستانیش لەبەر ئەوەی بە ئامانجەکانی خۆیان گەیشتون کە پلەو پۆست و پارەو مەنسەب و کۆشک و تەلارە مەگەر بۆ زاخاوی مێشک ئەگینا بەلای بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان داناڕۆن.

وتیشی: "ئێمە وەک بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە دەیان شەهیدمان داوە لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 کەچی خانەوادەی شەهیدەکانمان بێ بەشترین کەسوکاری شەهیدانن و تا ئێستا زۆربەیان زەویی و موچەیەکی شاییستەیان پێنەدراوە، بۆیە نادادگەرییە کە جیاوازی لەنێوان شەهیدەکانی خۆیان و لایەنەکانی تردا دەکەن. "

ئاماژەی بەوەشکرد: بەداخەوە دەسەڵات بەهۆی زوڵم و ناداد پەروەری وای لە زۆربەی خەڵکی کوردستان کردوە پەشیمان بن لەوەی کە راپەڕینیان ئەنجامداوە، چونکە پێیان وایە بەری رەنج و خەباتی ئەوان لەلایەن چەند کەس و گروپێکەوە دزراوە، بۆیە دەبێت حزبەکانی دەسەڵات واز لەو نادادپەروەری و قۆرخکارییە بێنن کە چەندین ساڵە ئەنجامی دەدەن.لە کۆتاییدا راشیگەیاند: یادەکانی راپەڕین لە هەموو کەسێکی نیشتمانپەروەرو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پیرۆز بێت و جێگەی خۆیەتی دەسەڵات بێتەوە هۆش خۆی و واز لە دروشمبازی بێنن و بەکردەیی ئاوڕبدەنەوە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی راپەڕین و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری نیشتمانی و نەتەوەیی و سزادانی ئەوانەی کە بەری رەنجی خەڵکی کوردستانیان بۆ خۆیان دزیوەو ماوەی 30 ساڵە لە گەندەڵی و فەسادی تێوەگڵاون.