پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژن
سهرۆکی ههرێمی کوردستان رایگهیاند، ئافرەتانی کوردستان هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی خەبات و تێکۆشاندا هەبووە، ئەمڕۆش بە کردەیی ڕۆڵێکی کارا لە سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینن.
نێچیرڤان بارزانى، سهرۆکی ههرێمی کوردستان له پهیامێکدا له یادی 8ی مارسدا رایگهیاند، "له یادى ڕۆژی جیهانیى ئافرهتاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو ڕێکخراوە حکوومی و ناحکوومی، دامەزراوه و کەسایەتییانە دەکەم کە لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانى کوردستان و بواری یەکسانیدا ڕۆڵی کاریگەریان بینیوە، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
ئاماژهی بهوهشکردووه، ئافرەتانی کوردستان هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی خەبات و تێکۆشاندا هەبووە، ئەمڕۆش بە کردەیی ڕۆڵێکی کارا لە سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینن، بەرزبوونەوەی ڕێژەی خانمان له ههموو بوارهکاندا ئاماژەیەکی گرنگی بەهێزبوونی بنەماکانی یەکسانییه.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە، هاوکات داوایان لێدەکات رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ روبەڕوبونەوە و خۆپاراستن لە کۆرۆنادا بگێڕن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی رۆژی جیهانی هەشتی مارسەوە بڵاویکردەوە، "لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا پیرۆزبایی لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم، یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردوە.سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی هەرێمیش رایگەیاند، لە شۆڕشەکانی کورد، لە خەباتی نهێنی کورد لە شارەکان و لە سەردەمی حوکمڕانی خۆماڵیدا ژنانی کورد توانیویانە قارەمانانە هاوشانی براکانیان لەڕیزەکانی خەباتدا کاربکەن و بیسەلمێنن کە دەتوانن خزمەت بکەن.
کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم کچان و ژنانی کورد دەکەم و دوپاتی دەکەمەوە کە پێویستە دەرفەتی یەکسان بڕەخسێنرێ بۆ ژنان تا بتوانن تواناکانیان وەدەربخەن".