ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستاندا گەییشتە بیست کەس
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕێژەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بە ناس کرانی نمونەیەکی تازە لە شاری ھەولێر گەییشتە بیست کەس.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەڵکەوە، ئەمڕۆ ھەینی ٢٣ی ڕەشەمە وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە ئاگاداری نامەیەک دا باسی ناس کرانی نمونەیەکی تازەی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای کرد لە شاری ھەولێر.
بە پێی ئەم ئاگاداری نامەیە کەسی توشبوو پیاوێکی ٤٥ ساڵانی پزیشک و دانیشتووی ھەولێرە.
بە ناس کرانی ئەم نمونە تازەیە، ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان گەییشتوەتە بیست کەس.
ھەتا ئێستا یەک کەس لە توشبووان گیانی لەدەست داوەو یەک کەسیش چارەسەریی وەرگرتووە و ڕەوشتی تەندروستیی توشبووانی دیکەش جێگای ڕەزامەندییە.
دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرنگار یوونەوەی کۆرۆنا فەرمانگە، دەامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانە، زانکۆو شوێنە گشتی و گەشتکارییەکانی داخستووەو ھاتوچۆ لە نێوان شارەکانی ھەرێمیش قەدەغە کراوە.
لەپاش تەشەنەسەندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، چالاکیی بازرگانی لە خاڵە سەرسنووەرییەکانی ئێران و ھەرێم بەرتەسک بووەتەوەو مۆڵەتی چوونی گەشتیاری ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان نادرێت.