روونکردنەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم سەبارەت بە دروستبوونی قەیرانی خواردەمەنی
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هاونیشتمانیانی ئازیز بەهیوای تەندروستیەکی باش و پابەند بوون بە رێنمایە تەندروستیەکان، هیچ قەیرانێک لەبارەی هاتنی خواردەمەنییەوە نییە بۆ هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ هاتووە " هەینی2020/3/13، لیژنەی باڵا بڕیاریدا هەموو ئەو بازرگانانەی پێداویستیەکانی ناو عەلوەکان و کەلو پەلی خۆراکی ( پێداویستی رۆژانەی خەڵک) بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکەن، لەچوار چێوەی یاسا و رێنماییەکان کارەکانی خۆیان رادەپەڕێنن بە رەچاوکردنی رێنمایەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا".
دڵنیایش دەدات "لێرەوە کوردستانیان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ گرفت لە پێداویستی رۆژانە دروست نابێت و بەپێی خواستی بازاڕ پێداویستیەکان بەردەوام هاوردە دەکرێت".
وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت "هەروەها چاودێری نرخ لە بازاڕەکان دەکەین بۆ ئەوەی هیچ بارگرانیەک لەسەر شانی هاوڵاتیان دروست نەبێت، دڵنیایش بە هاوڵاتیانمان دەدەین کەپێداویستی رۆژانە لە سەوزەو میوە و خۆراک وەک پێشتر هاوردە دەکرێت و پێویست بە دروستکردنی قەڵەباڵغی و دڵەڕاوکێ ناکات".