پەرلەمانتارێکى یەکێتى: کورد خۆی وەزیرەکانی دیاری دەکات نەوەک کازمی
پەڕلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت کە وەزیرەکانی کورد لەناو کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لەلایەن پارتە کوردییەکانەوە دیاری دەکرێن نەوەک لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو.
مەحموود خۆشناو پەرلەمانتارى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق دەڵێت " پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی لە پۆستەکەی خۆیدا بمێنێتەوە بەوپێیەی ئەوە داواکارییەکەی سیاسییە.
ئاماژەى بەوەشکردوە، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیش خۆی وەزیرەکانی لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا دیاری دەکات نەوەک مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری راسپێردراو.
پەڕلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە کورد لەپێناو دەربازکردنی وڵات لەو دۆخەی تێیکەوتووە پێشوازی لە راسپاردنی مستەفا کازمی و ئەو کۆدەنگییە دەکات کە لەناو لایەنە سیاسییەکانی شیعەدا لەسەر ئەو پرسە درووست بووە .
شکستهێنانی محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆک وەزیری راسپێردراوی پێشوو بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو ئامادە نەبوو ڕێگە بە لایەنە سیاسییەکان بدات خۆیان وەزیرەکانیان لە کابینەکەیدا دەستنیشان بکەن، بەڵکو سوور بوو لەسەر ئەوەی خۆی بێ دەستتێوەردانی پارتە سیاسییەکان کابینەکەی پڕبکاتەوە .