مەسروور بارزانی: نابێت یادی ئەنفال تەنها یادکردنەوەی ئاسایی ئازارەکانمان بێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i379567-مەسروور_بارزانی_نابێت_یادی_ئەنفال_تەنها_یادکردنەوەی_ئاسایی_ئازارەکانمان_بێت
32 ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفال تێدەپەڕێت، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامێکدا دەڵێت، یادی ئەنفال نابێت تەنیا یادکردنەوەیەکی ئاسایی ئازارەکانمان بێت، بەڵکو دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بنبڕکردنی ئەو هزری شۆڤێنییە بدەین کە لە پشت ئەنفالەوەیە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 14, 2020 02:51 Asia/Tehran
  • مەسروور بارزانی: نابێت یادی ئەنفال تەنها یادکردنەوەی ئاسایی ئازارەکانمان بێت

32 ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفال تێدەپەڕێت، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامێکدا دەڵێت، یادی ئەنفال نابێت تەنیا یادکردنەوەیەکی ئاسایی ئازارەکانمان بێت، بەڵکو دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بنبڕکردنی ئەو هزری شۆڤێنییە بدەین کە لە پشت ئەنفالەوەیە.

لە پەیامێکدا، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ‎"دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بنبڕکردنی ئەو هزرە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە بدرێت کە لە پشت ئەنجام دانی تاوانی ژینۆسایدی ئەنفالە کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و زامێکی قووڵ و لەیادنەکراویشە لە جەستە و یادەوەری گەلی کوردستاندا".

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی درێژە بە هەوڵەکانی دەدات بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی کەیسی ئەنفالەکان و بە ژینۆساید ناساندنی، بەردەوام پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەس وکاری شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوەکانی ژینۆسایدی ئەنفالە.

مەسروور بارزانی دەڵێت، پێویستە دەوڵەتی ئێراقیش بەرپرسیارێتی دەستووری و ئاکاریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانە مەزنانە لە ئەستۆ بگرێت و دڵنیایی دووبارە نەبوونەوەشیان لە داهاتوودا بدات.

لە رۆژی 23ـی شوباتی 1988 یەکەم قۆناخی شاڵاوی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەددام حوسێن دژی کورد دەستی پێکرد. لە ئەنجامدا و لە هەشت قۆناخدا زیاتر لە 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ و بێسەر و شوێن کران. هەموو ساڵێکیش لە 14-4 یادی ئەو شاڵاوە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.