یەکێتی:رێگا نادەین بارودۆخەکە بەرەو تەسعید و ئاڵۆزکردن و بشێویی ببرێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i379695-یەکێتی_رێگا_نادەین_بارودۆخەکە_بەرەو_تەسعید_و_ئاڵۆزکردن_و_بشێویی_ببرێت
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق رایدەگەیەنێت، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەروەھا لەسەر داوای رەوای خەڵکی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 17, 2020 04:50 Asia/Tehran
  • یەکێتی:رێگا نادەین بارودۆخەکە بەرەو تەسعید و ئاڵۆزکردن و بشێویی ببرێت

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق رایدەگەیەنێت، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەروەھا لەسەر داوای رەوای خەڵکی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق پاش کۆبونەوەی  دەباشان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەکاتێکدا هاوڵاتیان و هەرێمەکەمان و جیهان گیرۆدەی چۆنێتی بەگژاچونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ترس و دڵەڕاوکێ لەئاکامە تەندروستی و ئابوری کۆمەڵایەتییەکانی  لەم بارودۆخە سەختەی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان هەمومانی سەرقاڵ کردوە، لەو پێناوەدا یەکێتیی هەمو ئۆرگانەکان و توانای خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاری یەکە ئیدارییەکان و حکومەتی هەرێم تەرخان کردوە".

 ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئا لەم ئانوساتەدا، لەجیاتی هێورکرنەوەی هاوڵاتیان لەروی دەروونیی و دابین کردنی گوزەرانیان، بەداخەوە دەبینین ئاڕاستەیەک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەرامی جیاجیا و بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر یەکێتیی و سەرکردایەتییە نوێکەی کە چەندین جاریشە دوبارە دەبێتەوە".

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی باسی لەوەشکردوە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سۆنگەی هەست کردن بە لێپرسراوێتی و هەستیاری بارودۆخەکە تائێستا دانی بەخۆیدا گرتوە  هەر بۆیەش  داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەروەھا  لەسەر داوای ڕەوای خەڵکی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و  ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت".