وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی ئێراق: مەترسییەکانی کۆرۆنا هێشتا لەسەرمان ماون
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i379696-وەزیری_تەندروستیی_هەرێمی_کوردستانی_ئێراق_مەترسییەکانی_کۆرۆنا_هێشتا_لەسەرمان_ماون
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم دەڵێت: مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنامان لەسەر ماوە و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش تەنها ئامێر و پێداویستیان بۆ دابین کردووین.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 17, 2020 04:51 Asia/Tehran
  • وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی ئێراق: مەترسییەکانی کۆرۆنا هێشتا لەسەرمان ماون

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم دەڵێت: مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنامان لەسەر ماوە و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش تەنها ئامێر و پێداویستیان بۆ دابین کردووین.

دوکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی خەڵک ئامادەی بوو، رایگەیاند، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرمان ماون، دەبێت بەوریایی مامەڵەی دۆخەکە بکەین.

دوکتۆر سامان بەرزنجی، وتیشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی تەنها بە ئامێر و پێداویستی پزیشکی هاوکاری کردووین و حکومەتی ئێراقیش سێ ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە.

له لایەکی دیکهوه وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشان کران.

سەندیکای پزیشکانی هه ریمی کوردستانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تیایدا ڕایگەیاند: داخستنی نۆڕینگە پزیشکییەکان و سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکان لە ناو سەنتەری شارەکان تا 23/4/2020 بەهۆی بەردەوام بوونی قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگاکانی کوردستان، لەبەر پاراستنی گیانی پزیشکان و هاووڵاتیان و بەریەک نەکەوتنیان و پاراستنی گیانیان بەردەوام دەبێت.

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ۲۳ی نیسان درێژ کردەوە، ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێریش بڕیار و ڕێنمایی نوێی قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکان ئاسانکاری زیاتر کراوە بۆ کاسبکاران.

هێمن قادر وتەبێژی ژووری ئۆپراسیۆنی هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێگری پارێزگاری هەولێر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێبەندین بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ کەوا قەدەغەی هاتوچۆی درێژ کردۆتەوە تا ۲۳ی نیسان، ئێمەش لە ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر کۆ بووینەوە تا ئاسانکاری بۆ چینی کاسبکاران بکەین و بتوانین هاوکار بین، بەڵام بەمەرجێک ڕێنمایی تەندروستی جێبەجێ بکرێت.