ھەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامیی و نەوەی نوێ لەسەر رەوشی ئێستای ھەرێم
ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەرەنجامی سیاسەتی خراپی حوکمڕانی ، ئەم وڵاتەی تووشی قەیرانی دارایی و سیاسیی کردووە و هاوڵاتییان پێوەی گرفتاربوون.
ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەک شەممە 26/4/2020 ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
ڕاشیگەیاندووە، بارودۆخی سیاسی عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی باس و خواسی لێوەکرا، کە ئێستا دەرەنجامی سیاسەتی خراپی حوکمڕانی ئەم وڵاتەی تووشی قەیرانی دارایی و سیاسیی بووە و هاووڵاتییان پێوەی گرفتاربوون و لەگەڵ ئەم قەیرانەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەماوەی ڕابردوودا ترس و دڵەڕاوکێی درووست کردبوو.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەڕلەمانی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم بە هەڵوێستێکی لاوازەوە چۆتە بەردەم بەغدا و بەناوی ئابووری سەربەخۆوە وڵاتێکیان وێران کرد و دەشڵێت: “دۆخی خەڵک باش نەکەن خۆپیشاندانی بەرفراوان دەستپێدەکات”.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت: “بە تیمی حکومەتمان وت، کە دۆخی خەڵک هێندە خراپە لە تەحەمولدا نەماوە و کاتی ئەوەیە حکومەتێکی تەکنۆکرات پێکبێت، کە بێ لایەن بێت و دەستی یەکێتی و پارتی تێدا نەبێت، چونکە حکومڕانی 29 ساڵی ڕابردوویان شکستی هێناوە”.