قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان درێژکرایەوە
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی بەردەوامی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە 2-5-2020 بۆ 10-5-2020 درێژ کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، یانەو هۆڵەکانی ئاهەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە، کافتریا، نێرگەلەخانە، چایخانە، مەلەوانگە، گەرماو، سەنتەرەکانی لەشجوانی، یاریگای وەزشی گەڕەکەکان، هۆڵەکانی وەرزش، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە، هۆڵەکانی بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، سەنتەرەکانی مەساج، گازینۆ و رێستۆرانتەکان بە داخراویی دەهێڵدرێنەوە.
لەبارەی مزگەوتەکانیش، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، بە راوێژ لەگەڵ وەزیری ئەوقاف و تەندروستی، یەکێتی زانایان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بڕیاریدراوە، مزگەوتەکان بە داخراوی بمێننەوە.
هەروەها، لەحەوتی ئێوارە تا 12ـی شەو، قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.