شاندەکەی هەرێم بێ هیچ دەسکەوتێک لە بەغدا گەڕایەوە
شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیران ، دوای سێ رۆژ دیدار و وتووێژ لە گەڵ کاربەدەستانی حکومەتی ناوەندیی ، بێ هیچ دەسکەوتێک گەڕایەوە هەرێم .
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس ، شاندەکەی هەرێم کە سێشەممەی حەوتەی رابردوو بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ وتووێژ لە بارەی نەوت و بودجەی هەرێم سەردانی بەغدای کردبوو ، بێ هیچ دەسکەوت و رێککەوتن و ئەنجامێکی دیاریکراو گەڕایەوە هەرێمی کوردستان .
ماڵپەڕی خەڵک بە گێڕانەوە لە راگێندراوێکی حکومەتی هەرێم کە لەمبارەوە بڵاوبووتەوە ، راپۆری دا دانیشتنەکانی ئەم شاندە لە گەڵ کاربەدەستانی حکومەتی ناوەندیی عێراق بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە قۆناغێکی پڕ کێشە و ناکۆکیدا بەڕێوە چوو ، بەڵام ئەرێنی بووە .
هەروەها راگێندراوە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئەم کۆبوونەوانە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە مەبەستی لێکدانەوەی پێشنیارەکان بۆ یەک لاکردنەوەی ناکۆکیە بە جێماوەکانی دوو لایەن بە تایبەت لەسەر نەوت و بودجە درێژەی هەبێ .
حکومەتی هەرێم هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر پێبەندبوونی خۆی بە یاسای بودجەی 2019ی عێراق و رێککەوتنەکان لە گەڵ حکومەتی ناوندیی لە مانگی دیسامبری 2019 دا .