کۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەکانی ھەرێم: زیاتر لە شەش هەزار کرێکار بێکاربوون
کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیاتر لە شەش هەزار کرێکار لە میوانخانە و چێشتخانەکان لە ھەرێمی کوردستان بێکار بوون و 1300 شوێنیش داخراون.
مەحمود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بەهۆی داخستنی شوێنەکان لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تائێستا لەناو سنووری پارێزگای سلێمانی لەچێشتخانە و رێستۆرانت و هۆتێل و مۆتێل و کافێکان شەش هەزار و 130 کرێکار بێکاربوون و 1300 شوێنیش داخراون و نزیکەی 80 شوێن کراونەتەوە.
ناوبراو وتی: "بێکاربوونی ئەو کرێکارانە ژمارەیەکی زۆرە و هەمووشیان دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەدەن، هیوادارین لەدەستەبەری حکومەتی هەرێم قەرەبوو بکرێنەوە و بەبۆنەی مانگی رەمەزان و جەژنی رەمەزانیەوە ئەو شوێنانەی گەورەن و بەرکەوتەیان کەمە بیانکەنەوە".
بههۆی رێکارهکانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی کۆرۆنا و، دوای ئاسایی بوونهوهی ژیانی هاووڵاتییان و کردنهوهی چهند دوکان و بازاڕێک، هێشتا چەند شوێنێکی تر ماون بکرێنەوە لەوانە: یانەو هۆڵەکانی ئاهەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (باڕ)، کافتریا، نێرگەلەخانە، چایخانە، مەلەوانگە، گەرماو (حەمام) و سەنتەرەکانی لەشجوانی، یاریگاکانی وەرزشی گەڕەکەکان، هۆڵەکانی وەرزش، هۆڵەکانی بوک گواستنەوە و هۆڵی بۆنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان و سەنتەرەکانی مەساج و گازینۆکان و کافتریا و ڕێستۆرانتی باخچەکان بە داخراوی ماونەتەوە.