سەرۆکایەتی ھەرێم پەلامارەکەی داعشی شەرمەزار کرد
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i380396-سەرۆکایەتی_ھەرێم_پەلامارەکەی_داعشی_شەرمەزار_کرد
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پەلاماردانی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەی مکێشیفەی پارێزگای سەڵاحەدین نیگەرانی خۆی دەربڕی و ئیدانەی کرد .
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 03, 2020 03:30 Asia/Tehran
  • سەرۆکایەتی ھەرێم پەلامارەکەی داعشی شەرمەزار کرد

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پەلاماردانی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەی مکێشیفەی پارێزگای سەڵاحەدین نیگەرانی خۆی دەربڕی و ئیدانەی کرد .

بە پێی مێدیاکانی ھەرێم ، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە "پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی مکێشیفەی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین کە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقی تیادا بوونە قوربانی، بەتوندی ئیدانە دەکەین، ئەم پەلامارە و هێرشەکانی دیکەی ئەم دواییەی تیرۆریستان، ئاماژەی ترسناکی فروانبوونەوەی مەترسی و جموجۆڵە سەربازییەکانی داعشە، هەروەها زەنگێکی دیکەی بەئاگاهێنانەوەی هەموو لایەکمانە و بەڵگەی قۆستنەوەی هەڵومەرجی نالەباری عێراقە لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ دووبارە خۆڕێکخستەنەوە و ئەنجامدانی پەلاماری فراوانتر". 

سەرۆکایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە "لە کاتێکدا سڵاو بۆ گیانی قوربانییان دەنێرین، هاوخەمی بۆ کەسوکاریان دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتیشی دەکەینەوە کە ڕەوشەکە وا دەخوازێ هەرچی زووترە کێشە و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی عێراق چارەسەر بکرێن و پێکەوە بەرەنگاری هەڕەشەی جددیی سەرهەڵدانەوە و تەشەنەسەندنی تیرۆر ببینەوە". 

بەرەبەیانی رۆژی  شەممە 2ی ئایاری 2020، دەیان چەکداری داعش، لە چەند بەرەیەکەوە هێرشییان کردە سەر ناوچەکانی، سامەرا، مکێشیفە، ئیسحاقی، جەزیرە سامەرا، جەلام، شارۆچکەی بەلەد، نەهر رەساسی، سور سناش و جەزیرە ئیسحاقی، لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، بەگوێرەی دوایین ئامار، تا ئێستا 10 چەکداری حەشدی شەعبی و هۆزەکان شەھید و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

نۆ لە کوژراوەکان، سەربە هۆزی ئال بوو عیسا بوون و یەکێکیشییان چەکداری گرووپی سەریا سەلام و خەڵکی بەسرە بووە.

هەروەک باس لە کوژرانی ژمارەیەک پۆلیسی فیدراڵی عیراقیش دەکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە پشتراست نەکراوەتەوە.