شاندی هەرێم ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق راگەیاند
شاندی دانوستانکاری هەرێم لەبەغدا رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دووھەفتەی رابردوودا، شاندی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی ئەرێنی بوون و خاڵەکانی ناکۆکی نێوان ھەرێم و عێراق دیاری کران.
لەراگەیەندراوێکدا شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی دووھەفتەی رابردوودا، شاندی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەن و حیزبە سیاسییەکان، و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، لەبەغدا ئەنجامدا، بەمەبەستی گفتوگۆ کردن و چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەیان بەوەشداوە،" حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پابەندیی خۆی نیشاندا لەسەر پرسی نەوت و ئیلتزاماتی نەوتی ھەرێم بەمەبەستی گەیشتن بەڕێککەوتن.
هەروەها دەڵێن، دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان، لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی ھەرێم و پرسی نەوت، ئاڕاستەی حکومەتی نوێی عێراقیش کراون و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن لەداھاتوودا تا گەیشتن بە چارەسەری گونجاو.