May 12, 2020 20:46 Asia/Tehran
  • پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مستەفا کازمی کردووەو رایگەیاندووە کە، ئێمه‌ له‌ سه‌ختیی قۆناغه‌که‌ تێده‌گه‌ین که‌ که‌وتۆته‌ ئه‌ستۆتان، دەسا با په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و حکومه‌تی فیدڕالی توندوتۆڵ بکه‌ینه‌وه.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی سپی میدیا، «رێواز فایەق»، سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەی دا بۆ «موستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق، رایگەیاند: مایه‌ی خۆشحاڵیمانه‌ که‌ پیرۆزباییتان لێبکه‌م به‌ بۆنه‌ی دەستبه‌کاربوونتان وەک ‌سه‌رۆکی حکومه‌تی تازه‌ و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دیاره‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ختیی قۆناغه‌که‌ تێده‌گه‌ین که‌ که‌وتۆته‌ ئه‌ستۆتان، بۆ جێبه‌جێکردنی کارنامه‌ی حکومه‌ته‌که‌تان و زه‌مینه‌سازی بۆ لێبورده‌یی و لێکتێگه‌یشتن و به‌دیهێنانی گه‌شبینی له‌ نێوان ڕۆڵه‌کانی نیشتمان و ئاڕاسته‌کردنی وزه‌ و تواناکان بۆ بنیادنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ڕاستی و دیموکراسیه‌ت.

سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی پەیامەکەی دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، لە ئێستادا ده‌خوازین که‌وا په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و حکومه‌تی فیدڕالی توندوتۆڵ بکه‌ینه‌وه و چاره‌سه‌ریی کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوانمان بکه‌ین به‌ گوێره‌ی ده‌ستور،له‌سه‌ربنه‌ماکانی هاوبه‌شی و دیموکراسیه‌ت.

«رێواز فایەق» ڕوو لە «موستەفا کازمی» ڕاشیگەیاندووە کە، ئێمه‌ له‌کاتێکدا متمانەمان پێتانە لە توانای بەجێهێنانی ئەم ئامانجانە که‌ له‌ سه‌ره‌تادا باسمان کرد، پاڵپشتی ته‌واوی خۆشمان ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ به‌دیهێنان و گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌.

سەرپەیڤ