درێژکرانەوەی قەدەغەی ھاتوچۆی نێوان پارێزگاکان لە ھەرێم تا 15ی حوزەیران
وەزارەتی نێوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەکردنی هاتوچۆی نێوان شارەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی تا رۆژی ١٥ی ئەم مانگە درێژکردووەتەوە.
لە بەیاننامە ی وەزاڕەتی نێوخۆی ھەرێمدا ئاماژە کراوە بە درێژکردنەوەی راگرتنی ھاتوچۆکردنی ئۆتومبێل لەنێوان پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەرین و گەرمیان لە ٧/٦/٠٢٠٢ کاتژمێر ١٢ی شەو تا ١٥/٦/٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو.
هەروەها بڕیاردراوە بە داخستنی سەرجەم ئەو شوێنە خزمەتگوزارییانەی کە پێشووتر رێگەپێدراوبوون لە کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ شەشی بەیانی.
وەزارەتی نێوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەتە روو کە رێگەپێدان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیکترونی دەبێت کە لەسەر وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ دانراوە.
هەروەها هاتووە پەرلەمانتارانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانی عێراق کە نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن، رێگەپێدراون بە ھاتوچۆکردن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستانیش رێگەپێدراون بە ھاتوچۆکردن لەنێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.