کوێستان محەمەد: مانگی داهاتوو یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکرێت
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی تەموز یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و نابێت موچەی پلە باڵاکان لە سێ ملیۆن دینار زیاتر بێت.
کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم بە میدیای گۆڕانی راگەیاندوە، ماوەی دوو مانگە موچەی خۆیان لە ئەنجومەنی وەزیران کردوە بە نیوە و نیوەکەی تریان خستوەتە سەر ئەو ژمارە بانکیەی بۆ وەرگرتنی پارە لە دەوڵەمەند و سەرمایەداران دیاریکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت خەڵک بزانێت بزوتنەوەی گۆڕان چوار وەزیری هەیە لەم کابینەی حکومەتدا، بۆیە هەرسێ لایەنەکەی پێکهێنەری حکومەت بە قەبارەی خۆیان بەرپرسیاریەتیان بەردەکەوێت.
لەبارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکردوە، "( 13) هەزار کەمئەنداممان گەڕاندۆتەوە بۆ ناو لیستی موچە کە پێشتر موچەیان بڕدرابوو، هەروەها نزیکەی هەزار کەمئەندامی نوێ تۆمارکراون".