کاردانەوەی حکومەتی ھەرێم بە پەلامارەکانی تورکیا
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەدڵگرانى و نیگەرانیەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆ و چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنووریەکان دەکەن، کە بوەتە هۆی گەیاندنى زیانى گیانی و ماددى بەهاوڵاتییانی مەدەنی و گوندنشینانى ئەو ناوچانە، حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیانگەیاندن بەهاوڵاتییانی دەکات.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەدڵگرانى و نیگەرانیەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆو چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنووریەکان دەکەن، کە بووه هۆی گەیاندنى زیانى گیانی و مادى بەهاوڵاتییانی سڤیل و گوندنشینانى ئەو ناوچانە.
ئەوەش هاتووە، حکومەتى هه رێمى کوردستان سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیان گەیاندن بەهاوڵاتییان دەکات لەلایەن هەر لایەنێک و بەهەر هۆکارێک بێت.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕو، داوا لە کۆماری تورکیا دەکەن ڕێز له سەروەرى خاک و نیشتیمانمان بگرێت و پەکەکەش پێویستە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، تا چیتر نەبنە هۆکار بۆ دروستکردنى پشێوى لە ناوچە سنووریەکانى هەرێمى کوردستان.
باس لەوەشکراوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندیى دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکى هەرێمى کوردستان هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک.