داوای 48 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا 48 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی رایانگەیاند، لە کاتێکدا هەموان باس لە خۆپارێزی دەکەن و باس لە گرتنەبەری رێگای خۆپارێزی لە رێگای قەدەغەی هاتوچۆوە دەکەن، دەبێت ئەوەشمان لە بەرچاو بێت کە ژیانی هاوڵاتیان رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین لە زوترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچە بکات و وەک هاوکارییەک دەمامک و دەستکێش بە بێ بەرامبەر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکرێت.
بەپێی هەواڵێکی خەندان ، 48 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە راگەیەنراوەکەیاندا باس لەوەش دەکەن، بە داخەوە لە ئێستادا متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە کەمبوەتەوە کە ئەمەش وایکردوە کە زۆربەی هاوڵاتیان بێ گوێدانە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەر ژیانیان و ژیانی هاوڵاتیانی دیکە کەمتەرخەم بن لە گرتنە بەری رێکارەکانی خۆپارێزی، بۆیە دوای دابینکردنی موچە و بژێوی خەڵک وەکو ئەرکی یەکەم، بە شێوەیەکی گونجاو هاوڵاتیان پابەند بکرێن بە تاک پارێزی و بە گوێرەی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی تەندروستی.