شاندی ھەرێمی کوردستان سبەی دەچێتەوە بەغدا
بڕیاردرا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سبەی سێشەممە سەردانی بەغدا بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراقی کرد و بڕیاردرا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سبەی سێشەممە سەردانی بەغدا بکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕی بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان، لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتنێکی گشتگیر بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەندامانی شاندی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی دەرئەنجامی دانوستاندن و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوورکراوە، بۆ گەیشتن بە ئەنجام و رێککەوتن بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی خۆیان بەرامبەر بە دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکان بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر، کە تێیدا ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکانی هەر لایەک دیار بێت و جێی رەزامەندی هەردوولا بێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوەکرد کە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لە بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراقدایە و "فاکتەرێکی گرنگیشە بۆ هێنانەدی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا".