سەرۆک کۆمار ی عێراق پێشوازیی کرد لە شاندەکەی ھەرێمی کوردستان
بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی کرد لە شاندکەی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، بەپێی راگەیەندراوێکی کۆبونەوەکە، لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەگرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان کردەوە بە ئاڕاستەی گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردولای حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستور.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دوپاتی کردەوە، چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگای لە یەکگەشتنی جددی و ویستی ھاوبەش دێنەکایەوە.
ناوبراو ھاوکات جەختیکردەوە لەگرنگی یەکلاکردنەوەی کێشە داراییەکان بە شێوەیەکی زوڵاڵ، بەجۆرێک کە مافی گشت ھاوڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی تیایدا پارێزراو بێت، ھەروەھا زامنی موچەی موچەخۆران بکات.
ھەر لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئابوری و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رێگری کردن لە سەرهەڵدانەوەی پاشماوەکانی گروپی تیرۆرستی داعش گفتوگۆی لەسەر کرا، هەروەها لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و هاریکاری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە گشت بوارەکاندا خرایەڕو.