حوزه‌یران 26, 2020 23:47 Asia/Tehran
  • ئەو پارەیەی بەغدا ئامادەیە بیداتە هەرێم لەبەرامبەر داهاتی سەرچاوەکانی، زۆر کەمترە لە چاوەڕوانیەکانی حکومەتی هەرێم

ئەو پارەیەی بەغدا ئامادەیە بیداتە هەرێم لەبەرامبەر داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆ زۆر کەمترە لە چاوەڕوانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە گفتوگۆدان بەمەبەستی گەیشتنە رێککەوتن لەسەر کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان بەتایبەت پرسی موچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی رون نییە بۆ گەیشتنە رێککەوتن

بەگوێرەی زانیارییەکان لە یەکەمین رۆژی سەردانی وەفدەکەی هەرێم بۆ بەغداد و کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی، بە وەفدەکەی هەرێم وتراوە، بەغدا ئامادەیە مانگانە بڕی ٥٥٠ ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر رادەستکردنی تەواوی  داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. کەچی بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە لە کۆتا کۆبونەوەی وەفدی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، بەغدا بە شاندەکەی هەرێمی وتوە، لەئێستادا عێراق روبەروی قەیرانی قوڵی دارایی بوەتەوە، بۆیە ناتوانن ٥٥٠ ملیار دینارەکەش بدەنە هەرێمی کوردستان، بەڵکو توانای حکومەتی عێراق لەئێستادا تەنها ٤٢٣ ملیار دینارە لەبەرامبەر رادەستکردنی تەواوی  داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیاردراوە ئەم هەفتەیە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، وەفدەکەی هەرێم، پێشنیارەکانی بەغدا بخاتە بەردەست وەزیرەکان  ھەتا راو سەرنج و پێشنیاری خۆیان لەسەر داهاتوی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بخەنەرو، لە دەرئەنجامی ئەو کۆبونەوەیەشدا بڕیارە جارێکی دیکە وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا بکات.

 

سەرپەیڤ