وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە ھەرێمی کوردستان
«ژان ئیڤ لۆردیان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی خەندان، شەوی ڕابردوو «ژان ئێڤ لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبو لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم پێشوازیی لێکرا.
وەک باسی دەکرێت،« لۆدریان» لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لەبارەی پەیوەندیەکانی هەولێر و پاریس و دۆخی عێراق و ناوچەکەوە گفتوگۆ دەکەن.
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە «ژان ئیف لۆدریان» گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەلایەن «فۆئاد حسێن» وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیی لێکراو پاشان لە کۆشکی سەلام لەگەڵ«بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆمارو «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە. «لۆدریان» پاش کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، بەغدای بەرەو ھەرێمی کوردستان بەجێ ھێڵا.