شاندەکەی ھەرێمی کوردستان ھەمیسان ڕێگای بەغدا دەگرێتەوە بەر
میدیاکانی عێراق ڕایانگەیاندووە: لەدوای جەژنی قوربان شاندی هەرێم دەچێتەوە بەغدا و ھەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەدات.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، دوای پشوی جەژنی قوربان، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، بەمەبەستی ئەنجامدانی رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.
سەرچاوەکان ئەوشیان راگەیاندووە کە، لەم پەیوەندییەدا ئەمریکاو ئەوروپاش بە نیازی نێوەندگرین لە نێوان هەرێم و بەغداو چاوەڕێ دەکرێت رێککەوتنێکی گشتگیر ئەنجام بدرێت، چونکە کێشەکانی تایبەت بە پرسی نەوت و خاڵە سنورییەکان و ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل و 50% داهاتی خاڵە سنورییەکان چارەسەرکراون.
بە وتەی سەرچاوەکان هێشتا بەغدا و هەولێر، لەسەر ئەو بڕە پارەیەی پێویستە حکومەتی ناوەندی بۆ موچەی موچەخۆران بیداتە هەرێم نەگەیشتونەتە رێککەوتن، بەڵام پێدەچێت 50 ملیار دیناری دیکە بۆ ئەو بڕە پارەیە زیاد بکەن کە لەدوایین گفتوگۆی نێوانیان خرابووە بەردەم شاندی هەرێم.