ئاب 03, 2020 10:52 Asia/Tehran
  • مەسرور بارزانی: پێویستە لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئاب، لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆساید و بێسەروشوێنکردنی ئێزدییەکاندا وتی پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، بە شێوەیەک کە هیچ "هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان" لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.

به پێی راپۆرتی میدیاکانی هەرێم ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کۆمەڵکوژی شنگال و دەوربەری، بە یەکێک لە دڕندانەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی لە مێژووی هاوچەرخدا دادەنرێت، کە بەشێک بوو لە هێرشی بەرفراوانی تیرۆریستان لە دژی گەلی کوردستان و وتوویەتی، "سەرەڕای هەموو ئەو کارەسات و فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی ڕووبەڕووی خوشک و برایانی ئێزدی بووەتەوە، بەڵام بەردەوامن لە بەرگریکردن لە زمان و ناسنامە و کەلتوور و ئاینی خۆیان".

مەسرور بارزانی ئەوەشی بەبیرهێناوەتەوە، کە پێویستە لەم یادە خەمناکەدا بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری و جەختیکردووەتەوە لەوەی "پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون، کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتر بە هەوڵی حکومەتی هەرێم ڕزگارکراون. هەروەها داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی، قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکاتەوە و یارمەتیی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان".

سەرپەیڤ