ئاب 31, 2020 13:12 Asia/Tehran
  • وەزارەتی تەندروستیی هەرێم : ژمارەی توشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی دەستنیشان دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوەتەوە، ژمارەی توشبون بە ڤایرۆسەکە زۆر زیاترە لەوەی دەستنیشان دەکرێت، بەڵام لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە و زۆر زیاتریشە لەوەی لە ئامارەکاندا بڵاودەکرێنەوە.

خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بڵاوبونەوەی فراوانی ڤایرۆسەکەیە و ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبوەتەوە، بەڵام لە شوێن بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە بەنمونە ئێستا لە هەولێر دۆخەکە باشتر بوە بەراورد بە سێ هەفتە لەمەوبەر، لە دهۆک روی لە زیادبونە، لە سلێمانی دوای ئەوەی کە بۆ ماوەیەک باش بو ئێستا سەرەتای زیادبونی بەشێک لە حاڵەتەکانە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی مردوانی پەتاکە تا ئێستا نزیکە لە ستانداردی جیهانی و کەمتر 4% لەو نەخۆشخانەی کە تۆمارکراون، چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەوە زیاتر کە دەستنیشاندەکرێت لە کۆمەڵگەدا هەیە و راستەوخۆ چارەسەر وەردەگرن لەماڵەوە لەبەرئەوەی توشبوان بڵاوە.

خاڵس قادر باسی لەوەشکرد، تا ئێستا ئەو هاوکاریانە کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهان و وەزارەتی تەندروستی  عێراقەوە دەگاتە دەستی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست نیە، چونکە فشارەکان یەکجار زۆرن، بەتایبەتی لەو دو مانگەدا ژمارەکان یەکجار زۆربون، پێشوتر هاوکاریان بۆ دەهات ئێستاش هەماهەنگیان هەیە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەڵام ئەو بڕەی کە پێشکەشمان دەکەن لە ئاستی پێویستدا نیە، ئەوەشیان بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی راگەیاندوە، تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستانە، ئێستاش ترسیان هەیە لەوەی بڵاوبونەوەکە لە نێو ئاوارەکان بێت توشی کارەسات دەبن.

سەرپەیڤ