شاندی هەرێمی کوردستان دیسان دەچێتەوە بەغدا
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کورستان رایگەیاند، سبەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی دەچێتەوە بەغدا بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی پێشوو لەبارەی پرسی موچە و بودجەی 2021ی عێراق.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کورستان بە خەندان-ی راگەیاند، سبەی یەکشەممە شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی دەچێتەوە بەغدا بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی بەتایبەت پرسی بودجە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان بۆ ئەوەن لە پڕۆژە یاسای 2021دا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت.بەپێی زانیاریەکانی خەندان، هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و پلاندانان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئەندامێتی شاندەکە دەکەن.
ناوەڕاستی مانگی رابردو، دوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی سەرۆک بەرهەم، سەرۆک کۆماری عێراق بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێکنزیککردنەوەی هەرێم و بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەرکردنى کێشەکان ڕێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، بڕیاردراوە تاوەکو ماوەی سێ مانگ و مانگانە بڕی 320 ملیار دینار لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، دو رۆژ دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی کازمی و مەسرور بارزانیش 320 ملیار بۆ موچەی فەرمانبەران رەوانەی هەولێر کرا.
بەپێی ئەو رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێک رادەستی عێراق ناکات، لەبەرامبەردا رێگە بە حکومەتی فیدڕاڵی دەدات بەهاوبەشی خاڵە گومگرگییەکان بەڕێوەببەن.