شاندێکی حکومەتی عێراق بە ھاوڕێیەتیی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەم وڵاتە گەییشتە ھەرێمی کوردستان
شاندێکی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی «قاسم ئەعرەجی»، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال پاشنیوهڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە هەرێمی کوردستان.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێرڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندانەوە، پاشنیوهڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی «قاسم ئەعرەجی» راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق هەروەها «جێنین پلاسخارت»، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کە لەگەڵ شاندەکەدایە گەیشتنە هەولێر.
٩ی مانگی رابردو، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە چاودێریی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران رێککەوتنێکیان واژۆکرد، حکومەتی عێراق بە رێککەوتنی "مێژویی" ناویبرد و رایگەیاند، بەگوێرەی دەستور ئەنجامدراوە کە پێگەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی لە قەزای شنگال بەهێز دەکات و کۆتایی بە پێگەی گروپە چەکدارییەکان دەهێنێت.
«ئەحمەد مەلا تەڵاڵ»، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی لەو بارەیەوە پێی لە سەر ئەوە داگرتبوو کە، ئەو رێککەوتنە بەهەماهەنگی حکومەتی هەرێم جێبەجێدەکرێت و هاوکار دەبێت بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتوانە رەسەنەکەی بۆ ناوچەکانیان.