مەسرور بارزانی پەیامێک بە بۆنەی دۆخی شڵەژاوی ھەرێمەوە ئاراستە دەکات
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی دۆخی شڵەژاوی ھەرێمی کوردستانەوە ڕایگەیاند:بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاووڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپێشاندانی ئاشتیانە و شارستانیانەش بە مافێکی ڕەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی دۆخی شڵەژاوی ھەرێمی کوردستانەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە،حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و دونیای گرتووەتەوە، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان،کەچی بەداخەوە خەڵکانێک دەیانەوێ بژێوی خەڵک بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانووی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، هەوڵی تێکدان و سووتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاووڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپێشاندانی ئاشتیانە و شارستانیانەش، بە مافێکی ڕەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک، بۆیە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێ لە گەڵ پاراستنی گیانی گشت هاووڵاتییان ، بە خۆپێشاندەرانیشەوە ، ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە و پەنابردنە بەر تووندتیژی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن و سەرپێچیکارانیش ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.
لە دوابەشی پەیامەکەی مەسرور بارزانی دا ھاتووە، ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە . هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی ئارامی و قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە ئەرکی هەموومانە.