کانونی دوھەم 18, 2021 22:55 Asia/Tehran
  • وەزیری بەرگری تورکیا گەیشتە ھەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی وڵاتەکەی گەیشتە هەولێر و بڕیارە دۆسیەی ئەمنی نێوان هەرێم و تورکیا و ئەو دۆسیانەی جێگەی گرنگی پێدانی هاوبەشی هەردوولان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستاندا تاوتوێ بکات.

بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ھەرێم ، ئێوارەی ئەمڕو دوشەممە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری و یەشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا گەیشتنە هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکراوە.

 بڕیارە شاندەکەی تورکیا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆسیانەی جێگەی گرنگی پێدانی هاوبەشن و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان هەردولان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆببنەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش ئەو شاندە سەربازییە تورکیا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبوونەوە.

ئەو سەردانەی شاندی تورکیا بڕیاربوو ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی رابردوو ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی کوژرانی دوو فەرماندەی پاسەوانی سنور لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەناوچەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەردانەکە هەڵوەشێنرایەوە.

سەرپەیڤ