شوبات 13, 2021 13:35 Asia/Tehran
  •  هه‌ڵوێستی  ئەمریکا  لە بارەی هێرشه‌کانی تورکیا بۆسه‌ر هه‌رێمی کوردستان

دواى چوار ڕۆژ له‌هێرشه‌کانى تورکیا بۆسه‌ر خاکى هه‌رێمى کوردستان له‌سنورى پارێزگاى دهۆک (چیاى گاره‌)و ده‌وروبه‌رى، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا هه‌ڵوێستى وڵاته‌که‌ى له‌ڕێگه‌ى به‌یاننامه‌یه‌که‌وه‌ ئاشکراکرد.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندوه‌، "ده‌بێت تورکیا ڕێز له‌سه‌روه‌ری خاکی عێراق بگرێت‌و هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازییش له‌نێو خاکی عێراق، دیسانه‌وه‌ پێویسته‌ ڕێز له‌سه‌روه‌ری خاکی ئه‌و وڵاته‌ بگرێت".

بە پێی ھەواڵێکی شارپرێس ، به‌یاننامه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌کاتێکدایه‌، چوارشه‌ممه‌ى ڕابردوو تورکیا له‌ئاسمان‌و زه‌مینه‌وه‌ هێرشیکرده‌سه‌ر چیاى گاره ‌و تائێستاش شه‌ڕو پێکدادانى قورس له‌نێوان گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌و سوپاى تورکیا به‌رده‌وامه‌.

هاوکات ڕۆژى ڕابردوو باڵیۆزى ئه‌مریکا له‌عێراق له‌ڕێگه‌ى به‌یاننامه‌یه‌که‌وه‌ پرسه‌و هاوخه‌مى بۆ حکومه‌تى ئه‌نکه‌ره‌ نارد له‌به‌رامبه‌ر کوژرانى ژماره‌یه‌ک ئه‌فسه‌رى باڵاو سه‌رباز له‌شه‌ڕى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى په‌که‌که‌ له‌چیاى گاره‌.

وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، دەیان ئامانجی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌)ى لەبەشێک لەئۆپەراسیۆنه‌که‌یدا کردۆته‌ ئامانج.

ئه‌وه‌شى ئاشکراکردوه‌، له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا زیاتر لە40 فڕۆکەی هێزی ئاسمانی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا (فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگی‌و سوتەمەنی) بەشداربوون‌و هێزە زەمینییەکانیش به‌هێلیکۆپتەر له‌ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زێنراونه‌ته‌ خواره‌وه‌.

سه‌ربارى به‌یاننامه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا، ئیبراهیم کاڵین وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرایکردوه‌، "له‌شنگالیش له‌سنورى پارێزگای نەینەوا له‌عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوشێوه‌ دژی پەکەکە ئه‌نجامده‌ده‌ین ئه‌وه‌ش به‌هاوکارى پارتی دیموکراتى کوردستان‌و حکومه‌تى عێراق".

سەرپەیڤ