لە شنگال، گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە
دوێنێ هەینی ، لە کۆمەڵگایەکی سنووری قەزای شنگال لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا گۆڕێکی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئێزیدی دۆزراوەتەوە و خەڵکی کۆمەڵگاکەش داوای بە دواداچوون دەکەن لە ناوچەکانیان.
بە پێی ھەواڵێکی PUKmedia ، گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئێزیدییەکان لە لایەن خەڵکەوە لە کۆمەڵگای سیبای شێخ خدر لە باشووری چیای شنگال دۆزراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت رووفاتی سێ کەسی تێدا بێ.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی زانیارییەکان ئەو تەرمانە هی پیاوێک و ئافرەتێک و منداڵێکن کە لە کاتی داگیرکردنی قەزای شنگال و دەوروبەری لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ئەم هەر سێ کەسانە کوژراون بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە نەزانراوە.
کۆمەڵگای سیبا شێخ خدر دەکەوێتە باشووری چیای شنگال و لەباری کارگێڕییەوە سەر بە قەزای بەعاجە و پاش حەوت ساڵ لە ئاوارەبوون ئێستا ژمارەیەکی خەڵکی دەڤەرەکە گەڕاونەوە ناوچەکە و پاش دۆزینەوەی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەدواداچوون لە ناوچەکە بکرێت.
لە کاتی ڕزگارکردنی قەزای شنگال و دەوروبەری و تا ئێستاش زیاتر لە 80 گۆڕی تاک و بە کۆمەڵ دۆزرایەوە و تا ئێستا ناسنامەی زۆربەری هەرە زۆری ئەوان دیاری نەکراوە.