لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار توشبووی کۆرۆنا چاکبوونەوە
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردووی کۆرۆنای بڵاوکردەوە، 281 توشبووی نوێ تۆمارکراون، 11 توشبوو گیانیان لەدەستداوە، لە بەرامبەردا زیاتر لە هەزار کەس چاکبوونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لەکۆی چوار هەزار و 156 پشکنینی نوێ، 281 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، هەزار و 88 کەسی دیکەش پەتاکەیان تێپەڕاندووە.
وەزارەتی تەندروستی گیانلەدەستدانی 11 توشبووی دیکەی ڕاگەیاندووە، زۆرترین ڕێژەی مردن لە دهۆک تۆمارکراوە، کە شەش کەسن، هەروەها لە هەولێر سێ کەس و لەسلێمانیش دوو کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، تائێستا 155 هەزار و 949 کەس توشی کۆرۆنا بوون، لەو ڕێژەیەش 135 هەزار و 559 کەسیان چاکبوونەتەوە، هاوکات چوار هەزار و 99 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، لەئێستادا 16 هەزار و 291 کەس لەژێر چارەسەردان.