ھەولێر بڕیاریدا ھاوڵاتیان خۆیان لە تەندروستیان بەرپرسیار بن
ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر رایگەیاند، سەرجەم هۆڵەکانى بۆنە و ئاهەنگگێڕان، بەڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکرێتەوە و بەرپرسیاریەتی گەورە لە سەرشانی خودی هاوڵاتییان خۆیانە.
بە پێی هەواڵێکی شارپرێس ، لە راگەیەنراوێکدا ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر بڵاویکردەوە، لەبەیانیی ڕۆژی دووشەمەوە، سەرجەم هۆڵەکانى بۆنە و ئاهەنگگێڕان، بەڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکرێتەوە، بۆیە داوا لە خاوەن هۆڵ و هاوڵاتییان دەکەین، لەکاتی بۆنە و ئاهەنگە خێزانیەکان ڕەچاووی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکەن، بەتایبەتی بەستنی(دەمامک).
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، لەڕابردوو و لە ئێستاشدا هەر بڕیارێک و ڕێکارێک گیرابێتەبەر، لەپێناو سەلامەتی گشتیی و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان بووە، لەم دۆخەی ئێستاشدا بەرپرسیاریەتی گەورە لە سەرشانی خودی هاوڵاتییان خۆیانە، لەبەر ئەوەی تاکپارێزی لەو بارودۆخەدا هۆکاری سەرەکی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی گشتییە لەشارەکەمان.
کردنەوەی سەرجەم هۆڵەکانى بۆنە و ئاهەنگگێڕان لەلایەن ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێرەوە دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم هات بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هاتوچۆی نێوان هەریمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بڕیاریدا، بە ئاساییکردنەوەی هاتوچۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بە رەچاوکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.