May 17, 2021 20:34 Asia/Tehran
  • سبەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا دەستبەکاردەبێت

بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، سبەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە ناوچەکەدا دەستبەکاردەبێت.

مەحمود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، سبەینێ لە قۆناغی یەکەمدا ژووری ئۆپەراسیونی ھاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنورەکەدا دەستبەکاردەبێت.

ئەو لێدوانەی سەنگاوی ئەمڕۆ لە پاش سەردانی وەفدێکی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی هێزەکانی 70 بوو بۆ ناوچەکە.

پێشتر لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی 2ی ئەم مانگەی لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق تاوتوێی کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لە کەرکوک، موسڵ، دیالە و مەخمور کرا، کە پێشتر بەهۆی بوونی تێبینی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە کارەکانی ڕاگیرابوون.

وتیشی، “لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، سەنتەرە هاوبەشەکانی هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەخێرایی کارابکرێنەوە و سەرۆک وەزیرانیش لیژنە تایبەتمەندەکانی ڕاسپارد کارەکانیان لەو بارەیەوە دەستپێبکەن و بەمنزیکانەش شاندێک بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات”.

کاراکردنەوەی کاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپا پاش ئەو هێرشانە دێت کە بەمدواییە بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان ئەنجامدرا.

سەرپەیڤ