پارتی دیموکراتی کوردستان:په‌که‌که هیچ کاتێک ڕێزی لە سەروەریی هەرێمی کوردستان نەگرتووە
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردووە: پارتی کرێکارانی کوردستان هیچ کاتێک ڕێزی لە سەروەریی هەرێمی کوردستان نەگرتووەو بەدوای دەرفەتێکیشدا دەگەڕێت بۆ لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان،مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لەبارەی روداوەکەی دوێنێی ئامێدی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت "بۆ لەنێوبردنی" هەرێمی کوردستان و به ئەنقەست شه‌ڕی له‌گه‌ڵ تورکیا گواستووەته‌وه نێو خاکی هه‌رێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دا ھاتووە: پەکەکە به‌پیلانێکی دانراو شه‌ڕ ده‌کات و ناوچه‌کان بۆ سوپای تورکیا به‌جێ ده‌هێڵێت، لە ئێستاش دا لە درێژەی سیاسەتە شەڕنگێزەکانی سێ دەیەی ڕابردوی دا، دەستیان چووە خوێنی پێشمەرگەی کوردستان و لەهێرشێکی لەناکاودا لە چیای مەتینی ناو خاکی ھەرێمی کوردستان پەلاماری هێزێکی پێشمەرگەیان دا کە لە ئەنجامی ئەو پەلامارەدا پێنج پێشمەرگە شەهید و حەوتی دیکەش برینداربوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پارتی دا ئاماژە بەوەش کراوە کە، بە حوکمی ئەزمونی زۆرمان لەگەڵ پەکەکە و سەرکردەکانیان، باش له مه‌به‌ست و مه‌رامه‌کانیان تێده‌گه‌ین و ئەوەشمان زۆر جاران بە ڕاشکاوی پێڕاگەیاندون کە ئه‌وه‌ی چه‌کدارەکانیان ساڵانێکە له هه‌رێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن، ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی نەیارانی کوردستان و بە داخەوە سەرانی پەکەکە، بە پێچەوانەی چاوەروانیی خەڵکی کوردستان و بانگەشەکانی خۆیان ئه‌مڕۆ، نەک هەر ڕەچاوی هەلومەرجی هەستیاری هەرێم و گوزەرانی خەڵکەکەی ناکەن، بەڵکو بونه‌ته جێبه‌جێکاری پیلانی دەرەکی و بیانویەک بۆ تەوژم و گوشاری زیاتری سەر ھەرێمی کوردستان.
لەراگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دا هاتووە: په‌که‌که هیچ کاتێک ڕێزی لە سەروەریی هەرێمی کوردستان نەگرتووەو بە پێچەوانەوە دان به‌خۆداگرتنی حکومه‌تی هەرێم و دامەزراوەکانی بە خراپترین شێوە قۆستۆته‌وه.