حوزه‌یران 12, 2021 23:27 Asia/Tehran
  • له‌فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر شاندێکى بیانى ده‌ستگیرکران

دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانتارێکى ئه‌ڵمانى له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر ده‌ستگیرکرا، شاندێکى دووکه‌سى له‌نێو فڕۆکه‌خانه‌که‌ ده‌ستگیرکران که‌ ئه‌ندامى ڕێکخراوى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌رگرى له‌ماف و ئازادیه‌کان بوون.

سه‌رچاوه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌  میدیای شارپرێسى ڕاگه‌یاند، ئه‌ندى فۆرموت سه‌رۆکى لیژنه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌و عەزیز عوسمان سه‌رۆکى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌ نوسینگه‌ى بڕۆکسلى ڕێکخراوى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ماف و ئازادیه‌کان له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێرده‌ستگیرکراون، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و دوو فه‌رمانبه‌ره‌ى ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌که‌ پاسپۆرته‌کانیان مۆرکراوه‌و و چونه‌ته‌ نێو فڕۆکه‌خانه‌که‌ ده‌ستگیرکراون.

سه‌رچاوه‌که‌ى شارپرێس ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌و دوو که‌سه‌ى ده‌ستگیرکراون پێیان ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ له‌م کاته‌دا به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ شه‌ڕو ئاڵۆزیه‌کان و هێرش و داگیرکارى تورکیا له‌هه‌رێمى کوردستان ڕێگه‌ نادرێت هیچ شاندێکى بیانى  سه‌ردانى هه‌رێم بکات.

لە لایەکی دیکەوە به‌گوێره‌ى میدیاکانى نزیک له‌ پەکەکە ، پۆلیسى ئه‌ڵمانیا بڕیارێکى توندى له‌دژى گروپى ئاشتى ده‌رکردوه‌ و ڕێگه‌ى نه‌داوه‌ ئه‌ندامه‌کانى گه‌شت به‌ره‌و هه‌ولێر بکه‌ن، ئه‌وه‌ش ئاشکراکراوه‌، پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ بڕیاری چوونە دەرەوەو گەشتکردنى دەرەوەى له‌حه‌وت ئه‌ندامى گروپه‌ قه‌ده‌غه‌کردوه‌.

ئاژانسى هه‌واڵى فورات بڵاویکردۆته‌وه‌، پۆلیسی ئەڵمانیا ڕێگه‌ی نەداوه‌ ئه‌ندامانى شاندی ئاشتی لەئەڵمانیاوە گه‌شت بکه‌ن بۆ هەولێر.

له‌ناساندنى گروپى ئاشتیدا هاتووه‌ شاندی ئاشتی لەدژی شەڕ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت داگیرکاریه‌کانى تورکیا، هه‌روه‌ک هه‌وڵیانداوه‌ لەفڕۆکەخانەى دوسڵدۆرفی ئەڵمانیاوە به‌ره‌و هه‌ولێر به‌ڕێبکه‌ون، بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە ڕێگرییان لێکراوه‌و 27 ئه‌ندامى گروپه‌که‌ دەستگیرکراون.

ئەمەش له‌کاتێکدایه‌ شه‌وى ڕابردوو هاکان تاش ئه‌ندامى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا له‌پارتى چه‌پ، گه‌یشته‌ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى  هه‌ولێر، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌کانى ئه‌وشاره‌وه‌ ده‌ستگیرکرا.

سەرپەیڤ