25پەرلەمانتاری ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک لەبارەی کۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بڵاو دەکەنەوە
بیست و پێنج پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر هاتنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و دەڵێن کۆتایی بهێنرێت بە بڕیاری لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتووە سەرئەنجامی رێککەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عیێراقیی، وەکوو قۆناغی سەرەتا، بڕی 200 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەیشەوە، ئێمەی پەرلەمانتاران هەڵوێستمان بەمجۆرە رادەگەیەنین:
ئەم سەرەتایە دەنرخێنین و بەپێی ئەو زانیارییانەیشی کە لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئەم بڕە پارەیە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و نابێت سەرفکردنی بۆ هیچ بوارێکی دیکەبێت.
جەخت دەکەین لەسەر پێویستیی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقیی بە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، کە ئەرک و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان-ی تێدا جێگیر کراوە.
راگێنراوەکە ھەروەھا دەڵێت : کۆتایی بهێنرێت بە بڕیاری لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەک چۆن ساڵێک زیاترە بەناوی خۆگونجاندنەوە، بەشێکی مووچەی مووچەخۆران گلدراوەتەوە. بۆیە، هیچ پاساوێک بۆ ئەو لێبڕینە نایاسایی و ناڕەوایە نەماوە و نابێت چیتر خۆگونجاندن لەسەر حسابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بێت.