ئاب 01, 2021 13:24 Asia/Tehran
  • بڕیاری هه‌ردوو ئیداره‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ سۆران و زاخۆ له لایەن مەسروور بارزانیەوە واژۆ کرا

سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، بڕیاری هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و زاخۆی واژۆ کرد و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیشی راسپارد، رێکاری پێویست بۆ جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌که‌ بگرنه‌به‌ر.

 بەپێی نووسراوێکی ئەنجووومەنی وەزیران کە بە واژۆی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە و تێیدا بڕیاردراوە بە هێنانەکایەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە پێکدێت لە قەزای زاخۆ و قەزای باتیڤا، و هێنانەکایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە پێک دێت لە قەزاکانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگەسۆر.

له‌ نووسراوه‌که‌دا هاتووه‌، پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکانی دیکە ئەم بڕیارە جێبەجێ بکات.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە کاری پێ دەکرێت و لە رۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.

له‌ کۆبوونه‌وه‌ی‌ ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو، 28ی‌ ته‌مووزی‌ 2021، ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ کوردستان بڕیاریدا که‌ سۆران و زاخۆ بکرێن به‌ ئیداره‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ.

سەرپەیڤ