سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق:رووداوەکانی ئەفغانستان زەنگی مەترسین بۆ ئەوانەی لەبری خەڵک پشت بە هێزی بیانی دەبەستن
«یوسف موحەممەد» سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەرر بە گۆڕانکاریەکانی ئەفغانستان، رایگەیاند:رووداوەکانی ئەو وڵاتە زەنگی مەترسین بۆ ئەوانەی لەبری خەڵک پشت بە هێزی بیانی دەبەستن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «یوسف موحەممەد» سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لەهەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر کاردانەوەی بەرامبەر بە گۆڕانکاریەکانی ئەم دوایەی ئەفغانستان و پێشڕەوییەکانی تاقمی تالیبان لەم وڵاتە لە سای شکست ھێنانی ئەمریکا پیشان داو پێی داگرت: کۆنتڕۆڵکرانی ئەفغانستان لەلایەن بزوتنەوەی تالیبانەوە قۆناغێکی نوێیە لە ئەنجامی شکستی دیموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژە کردن بە شکست ھێنانی سیاسەتەکانی ئەمریکا دوای تێپەڕینی بیست ساڵ لە داگیرکردنی ئەفغانستان جەختی لەوەش کردەوە کە، گومان لەوەدا نییە کە رووداوەکانی ئەو وڵاتە زەنگی مەترسین بۆئەوانەی لەبری خەڵک پشت بە هێزی بیانی دەبەستن.
«یوسف موحەممەد» دەستەڵاتدارانی دیکەی ناوچەکەشی ئاگادار کردەوە کە، ئەوەی بە سەر ئەفغانستان دێت، لە ڕاستی دا دەرەنجامی ھەمان ھەڵەی زۆربەی ئەو دەستەڵاتدارانەیە کە لەبری خەڵک بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان پشت ئەستورن بە هێزی دەرەکی.