ئه‌یلوول 05, 2021 11:34 Asia/Tehran
  • سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئەردەن گه‌یشته‌ هه‌رێمی کوردستان

عه‌بدولمونعم عه‌ودات، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئوردن به‌ یاوه‌ری شاندێک باڵای په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ به‌سه‌ردانێک گه‌یشته‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌لایه‌ن رێواز فایه‌ق سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێکرا.

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌، عه‌بدولمونعم عه‌ودات به‌سه‌رۆکایه‌تی شاندێکی باڵای په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی، به‌سه‌ردانێک گه‌یشته‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌لایه‌ن رێواز فایه‌قه‌وه‌ پێشوازی لێکرا، بڕیاریشه‌ سه‌ردانی په‌رله‌مان بکات و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کان کۆببێته‌وه‌.

هه‌ر له‌سه‌ردانه‌که‌یدا، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئوردن له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و به‌شێک له‌ به‌رپرسانی دیکه‌ی هه‌رێم کۆده‌بێته‌وه‌، به‌پێی زانیاریه‌کانیش، ئامانجی سه‌ره‌کی سه‌ردانه‌که‌ی گفتوگۆکردن ده‌بێت له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئوردن و زیاترکردنی هه‌ماهه‌نگیه‌کانی نێوانیان.

عه‌بدولمونعم عه‌ودات، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئوردن دوێنێ شه‌ممه‌ به‌سه‌ردانێکی فه‌رمی گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق کۆبوه‌وه‌ و راشیگه‌یاند که‌ به‌نیازه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات.

سەرپەیڤ