ئه‌یلوول 27, 2021 15:41 Asia/Tehran
  • هەڵبژاردن چوار ڕۆژ دەوامی خوێندنگاکانی ھەرێمی کوردستان ڕادەگرێت

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوو ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردن، خوێندنگا و ناوەندەکانی خوێندن ڕادەستی کۆمسیۆن دەکرێن، ڕۆژێک لەدوای هەڵبژاردنیش خۆیان ڕێکدەخەنەوە و پاشان دەستدەکرێتەوە بە خوێندن.

 

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆخی تەندروستی لە ناوەندەکانی خوێندن بەشێوەیەکی گشتی باشە، توشبوون بەکۆرۆنا هەیە، بەڵام ڕێکارە تەندروستییەکان دەگیرێنەبەر بۆئەوەی ناوەندەکانی خوێندن پارێزراوبن.

وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان داوای بەستنی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسینی کرد لە مامۆستایان تاوەکو پرۆسەی خوێندن بەردەوامبێت.

باسی لەوەشکرد، تاوەکو دۆخی کۆرۆنا بەمشێوەیە بێت، چالاکیی خوێندنگاکان دەستپێناکەنەوە.

لەبارەی دوو دەوامی و سێ دەوامی لە خوێندنگاکاندا، جەختیکردەوە، پێوستیان بە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی خوێندنگا هەیە تاوەکو ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن.

وەزیری پەروەردەی ھەرێم ئاشکراشیکرد، دوو ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دەوام تیایاندا ڕادەگیرێت و دەدرێنە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ خۆئامادەکردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، دواتریش یەک ڕۆژ پێویستە بۆ دووبارە ئامادەبوونەوە بۆ پرۆسەی خوێندن.

سەرپەیڤ